كوڕه گێله‌كه


هه‌بوو نه‌بوو. ڕۆژێ له ڕۆژان كوڕێك هه‌بوو كه هه‌رچیی ده‌كرد هه‌ر شانسی نه‌ده‌هێنا و هیچ شتێكی بۆ جێبه‌جێ نه‌ده‌بوو. ئاخری بڕیاری دا بچێت و فه‌له‌ك بدۆزێته‌وه و لێی بپرسێ بۆچی هێنده كوڵۆڵه.
ملی ڕێی گرته به‌ر. ڕۆیشت و ڕۆیشت تا گه‌یشته گورگێك. گورگه‌كه لێی پرسی ها ئاده‌میزاد بۆ كوێ ده‌چی؟
كوڕه‌كه وتی: مام گورگ توخوا نه‌مخۆی.
ـ خواردنی چی من سه‌رم هێنده دێشێ كه ناتوانم بیر له خواردن بكه‌مه‌وه. پێم بڵێ بزانم بۆ كوێ ده‌چی؟
ـ من زۆر كوڵۆڵ و كه‌مبه‌ختم. ده‌مه‌وێ بچم و فه‌له‌ك بدۆزمه‌وه و لێی بپرسم بزانم من بۆچی هێنده كه‌مشانسم.
گورگه‌كه وتی: توخوا ئه‌گه‌ر بینیت لێی بپرسه بزانه من بۆچی دایمه سه‌رم دێشێ.
كوڕه‌كه به‌ڵێنێ پێدا و دیسانه‌وه كه‌وته‌وه ڕێ.
ڕۆیشت و ڕۆیشت تا گه‌یشته ده‌شتێك و قه‌ڵایه‌ك. له قه‌ڵاكه‌دا پاتشایه‌ك هه‌بوو. لێی پرسی ها كابرا بۆ كوێ ده‌چی له‌م چۆڵه‌وانییه؟
كوڕه‌كه وتی: من هه‌رچی ده‌كه‌م هه‌ر به‌ختم لێی نییه. ده‌مه‌وێ بچم و فه‌ڵه‌ك بدۆزمه‌وه و هۆكه‌ی لێ بپرسم.
پاتشا وتی: ئه‌گه‌ر دۆزیته‌وه لێی بپرسه بزانه من بۆچی له هه‌موو شه‌ڕێكدا ده‌یدۆڕێنم؟
كوڕه‌كه به‌ڵێنێ پێدا و دیسانه‌وه‌ كه‌وته‌وه ڕێ.
ڕۆیشت و ڕۆیشت تا گه‌یشته ده‌ریایه‌ك و ئیتر له‌وه زیاتر نه‌یده‌توانێ بچێ. له داخا له‌سه‌ر به‌ردێك قه‌راخ ڕۆخه‌كه ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ دانیشت.
له پڕا ماسییه‌ك له ئاوه‌كه سه‌ری ده‌رهێنا و وتی ها ئاده‌میزاد بۆ وا كز دانیشتووی؟
كوڕه‌كه به‌‌سه‌رهاتی خۆی گێڕایه‌وه و وتی ئێسته‌ش ئه‌م ده‌ریایه پێشی پێ گرتووم و ناتوانم له‌مه زیاتر بچمه پێشه‌وه.
ماسییه‌كه وتی: من ده‌تبه‌مه ئه‌وبه‌ری ده‌ریاكه، به مه‌رجێ به‌ڵێن بده‌ی ئه‌گه‌ر فه‌له‌ك بدۆزیته‌وه لێی بپرسی بزانی بۆچی ناو لووتی من دایمه ده‌خورێ.
كوڕه‌كه به‌ڵێنی پێدا و ماسییه‌كه كوڕه‌كه‌ی نایه سه‌ر پشتی خۆی و له ده‌ریاكه په‌ڕاندییه‌وه.
كوڕه‌كه كاتێ گه‌یشته ئه‌وبه‌ری ده‌ریاكه، خواحافیزیی له ماسییه‌كه كرد و كه‌وته ڕێ.
ڕۆیشت و ڕۆیشت تا گه‌یشته باخێك. چووه ناو باخه‌كه بینیی گوڵ و گوڵزار و نه‌مام و بنجكێكی زۆر له ناو باخه‌كه‌دایه. داری زۆری بینی كه به‌ری باشیان گرتبوو و به‌رده‌وام ئاودێریش ده‌كران. دارێكی بینی كه وشك هه‌ڵاتووه و ئاویشی پێ نادرێ. چاوی گێڕا كابرایه‌كی پیری بینی.
چووه پێشه‌وه و سڵاوی لێكرد. پیره‌مێرده‌كه‌ش به‌خێرهاتنی كرد و لێی پرسی بۆ كوێ ده‌چێ.
كوڕه‌كه وتی: به‌ شوێن فه‌له‌كدا ده‌گه‌ڕێم و ده‌مه‌وێ بزانم بۆ هێنده كه‌مبه‌ختم.
كابرا وتی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌شوێنی ده‌گه‌ڕێی منم. ئه‌و داره وشكه ده‌بینی؟ ئه‌وه داری به‌ختی تۆیه بچۆ ئاوی بده‌ و به‌خت ڕووت تێده‌كا.
كوڕه‌كه چوو و شه‌تڵی ئاوه‌كه‌ی ڕاكێشا بۆ لای داره‌كه‌ و زۆر خۆشحاڵ بوو.
پاشان هاته‌وه بۆ لای كابرا پیره‌كه و وتی كه‌وا بێ من ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆم. به‌ڵام له پێشدا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكم بده‌ره‌وه.
پیره‌پیاوه‌كه وتی فه‌رموو پرسیاره‌كانت بكه.
كوڕه‌كه پرسیاره‌كانی گورگه‌كه و پاتشاكه‌ و ماسییه‌كه‌ی لێ كرد.
كابرا وتی: ماسییه‌که مروارییه‌ك له ناو لووتی گیری كردووه ده‌بێ كه‌سێك بدا له ته‌وقی سه‌ری مروارییه‌كه فڕێ ده‌به‌ستێ و ئیتر لووتی ناخورێ. پاشاكه كچه و خۆی كردووه به پیاو، ده‌بێ خۆی بكاته‌وه كچ و مێرد بكا ئینجا له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی بچێته هه‌ر شه‌ڕێكه‌وه له شه‌ڕه‌كه‌دا زاڵ ده‌بێ و ده‌یباته‌وه. گورگه‌كه‌ش ده‌بێ مێشكی مرۆڤێكی گێل بخوا ئیتر سه‌ری له سه‌رئێشه ده‌كه‌وێ.
كوڕه‌که سوپاسی لێكرد و پاش ماڵاوایی لێكردن كه‌وته‌وه ڕی به‌ره‌و وڵاته‌كه‌ی خۆی.
كاتێ گه‌یشته ده‌ریاكه ماسییه‌كه له‌وێ چاوه‌ڕێ بوو. لێی پرسی ها وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی منت دۆزییه‌وه؟
كوڕه‌كه وتی زۆر ئاسانه. به‌ڵام جارێ له پێشدا من ببه‌ره‌وه ئه‌و به‌ر ئینجا بۆت باس ده‌كه‌م. ماسییه‌كه كوڕه‌كه‌ی برده‌وه ئه‌و به‌ر.
كوڕه‌كه بۆی باس كرد. ماسییه‌كه وتی كه‌وابێ تۆ بده له ته‌وقی سه‌رمی من با مروارییه‌كه فڕێ ببه‌سێ و بیشیبه بۆ خۆت و پێی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بی.
كوڕه‌كه وتی من تازه داری به‌ختی خۆمم ئاودێری كردووه و پێویستم به مرواریی تۆ نییه و كه‌وته ڕی. ماسییه‌كه هه‌رچی هاواری كرد كوڕ‌ه‌كه گوێی نه‌دا و دوور كه‌وته‌وه و ڕۆیشت.
له ڕێگادا گه‌یشته پاشا و وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ باس كرد. پاشاكه وتی تا ئێسته كه‌س به‌م نهێنییه‌ی نه‌زانیوه تۆ نه‌بێ. تۆ وه‌ره من بخوازه و ببه به‌ مێردم و ببه به پاتشا
ی وڵاته‌كه‌مان. كوڕه‌كه وتی تۆ و پاتشایه‌تیم بۆچییه؟ من تازه داری به‌ختی خۆمم ئاودێری كردووه و ڕۆیی. هه‌رچی كچه‌كه هاواری كرد گوێی نه‌دا و دوور بووه‌وه.
ڕۆیشت تا گه‌یشته گورگه‌كه. وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌ویشی بۆ گێڕایه‌وه و وتی ده‌بێ مێشكی مرۆڤێكی گێل بخۆی سه‌رت له ئێش ده‌كه‌وێ.
گورگه‌كه وتی ده‌ی باشه تۆزێ باسی سه‌فه‌ره‌که‌ی خۆتم بۆ بكه‌ بزانم چۆن بوو. كوڕه‌ش ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه.
گورگه‌كه‌ وتی جا باشه كه‌س هه‌یه له تۆ گێلتر بێ؟ په‌لامارێكی كوڕه‌كه‌ی دا و خواردی.

 

ته‌واو!